سایتی هەواڵ
سایتی هەواڵ
www.hawall.kurdblogger.com



مایكڵ رۆبین پسپۆر له‌ په‌یمانگای پرۆژه‌ی ئه‌مریكی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی دەڵێت مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی دوو سه‌ركرده‌ی نا دیموكراتخواز و گه‌نده‌ڵن

مایكڵ رۆبین پسپۆر له‌ په‌یمانگای پرۆژه‌ی ئه‌مریكی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی سیاسی American Enterprise Institute له‌ راپۆرتێكدا به‌ ناونیشانی (ئایا كوردستانی عێراق هاوپه‌یمانێكی باشن؟) باس له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كا.

رۆبین ده‌ڵێ نه‌ مه‌سعود بارزانی و نه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی دوو سه‌ركرده‌ی دیموكراتخواز نین جگه‌ له‌وه‌ش به‌ دوو سه‌كرده‌ی گه‌نده‌ڵیان وه‌سف ده‌كا. تا ‌ ئێستا پارتی و ‌ یه‌كێتی رووبه‌رووی هه‌ڵبژاردنێكی راست و دروست نه‌بوونه‌ته‌وه‌ بۆ زانینی پێگه‌ی خۆیان له‌ ناوجه‌ماوه‌ر. له‌ ساڵی 2005 كاتێك پارتی و یه‌كێتی به‌ یه‌ك لیست به‌شداریان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد و یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كه‌ پارتێكی میانره‌و و بێ چه‌كه‌ و به‌ لیستێكی جیا چووه‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێگای چه‌ند گه‌نجێكه‌وه‌‌ باره‌گاكانی ئه‌و پارته‌یان له‌ شاری دهۆك به‌ردباران كردو دواتر ئاگریان له‌ باره‌گاكانیان به‌ردا و ئه‌ندامێكی پله‌به‌زری پارته‌كه‌شیان گووله‌ باران كرد. پاش ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش دیبلۆماته‌ ئه‌مریكیه‌كان و لێژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی بارزانیان به‌ خراپترین و پر غه‌شترین هه‌ڵبژاردن وه‌سف كرد له‌ ته‌واوی عێراق به‌وه‌ی كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌یان به‌ كارده‌هێنا بۆ چاوترساندی ده‌نگده‌ران له‌به‌رده‌م بنكه‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌ندامانی خۆیان له‌سه‌ر سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن داده‌نا چونكه‌ ئه‌گه‌ر وایان نه‌كردبا سه‌ركه‌وتنیان مه‌حاڵ بوو.

رۆبین باس له‌ شێوازه‌كانی كۆنترۆڵ كردن ده‌كات و ده‌ڵێ پارتی و یه‌كێتی هه‌مان شێوازی حیزبی به‌عس به‌كارده‌هێنن بۆ كۆنترۆڵ كردنی ناوچه‌كانی ژێرده‌سته‌ڵاتی خۆیان، له‌و شێوازانه‌ش پشت به‌ شوفێری تاكسی و خاوه‌ن هۆتێله‌كان ده‌به‌ستن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری، پارتی ته‌نها رێگا به‌و تاكسیانه‌ ده‌دات كه‌ له‌لایه‌ن ئیستخباراتی خۆیه‌وه‌ كارتیان بۆ كراوه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی میوانه‌ بیانیه‌كان له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر. خاوه‌ن هۆتێله‌كان ده‌بێ ئه‌ندامی یه‌كێك له‌و پارته‌ بن و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی پارتی و یه‌كێتی هه‌بێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر میوانه‌كان.

له‌ كۆلێژو قوتابخانه‌ ئاماده‌ییه‌كانیش پارتی و یه‌كێتی زانیاری له‌سه‌ر یه‌ك كۆده‌كه‌نه‌وه‌و و قوتابی ته‌مه‌ن 14 ساڵ و 15 ساڵ وه‌كو سیاسیه‌كی گه‌وره‌و له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن ره‌فتار ده‌كه‌ن. له‌ زانكۆی دهۆك سۆفتوێرێكیان له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كان داناوه‌ كه‌ له‌ رێگای كیبۆرده‌كه‌وه‌ شوێن په‌نجه‌ی ده‌ستی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ تا بزانن چیان كردوه‌و چیان نووسیوه‌.

ئه‌گه‌رچی له‌ كوردستان دوو رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌ به‌ ناوه‌كانی هاوڵاتی و ئاوێنه‌ به‌ڵام ئه‌وانیش ناتوانن وه‌كو پێویست كاربكه‌ن، رۆژنامه‌نووسان ده‌ستگیر ده‌كرێن و ده‌خرێنه‌ سجنه‌وه‌ نموونه‌ش به‌ دادگایی كردنی سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی هاوڵاتی دێنێته‌وه‌ كه‌ دوای ئه‌وه‌ی ووتبووی سه‌رۆك وه‌زیرانی ژێرده‌سته‌ڵاتی یه‌كێتی ده‌سته‌ڵات خراپ به‌كاردێنێ. له‌ ساڵی 1994 تا 1997 بارزانی و تاڵه‌بانی له‌ شه‌ری ناوخۆدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌خت پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤیان كرد و ركابه‌ره‌كانی خۆیان شوێن بزر ده‌كرد و ده‌ستگیراوه‌كانی یه‌كتریان ده‌كوشت.

بارزانی كوری براكه‌ی كه‌ ته‌مه‌نی 35 ساڵه‌ كردۆته‌ سه‌رۆك وه‌زیران و كوره‌كه‌ی خۆی كردۆته‌ به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری ناوخۆو ده‌ستی به‌سه‌ر كۆمپانیاكانی مۆبایل و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن داگرتووه‌.

رۆبین ده‌ڵێ تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ ئۆفیسه‌كه‌ی خۆیان 2 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاریان خستۆته‌ سه‌ر سامانی خۆیان‌. له‌ كۆتایدا رۆبین ده‌ڵێ له‌ روانگه‌ی ئه‌و عه‌یب و كه‌موكورتیانه‌ی بارزانی له‌سه‌ر ئه‌مریكا پێویسته‌ كه‌ به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆیدا بچێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورد، نابێ چیتر یارمه‌تیان بدا وه‌ دبلۆماسیه‌ت هیچ شه‌رعیه‌تێكی نیه‌ تا كوردستان جێگایه‌كی ئه‌مین بێ بۆ چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و ئاسایشی ئه‌مریكا به‌ سعرێكی گرانتر ده‌فرۆشرێ و پرۆسه‌ی دیموكراتیزه‌كردن و ریفۆرمیش چه‌قبه‌ستوو ده‌بێت.

شایانی باسه‌ میكائیل رۆبین له‌ ساڵی 2002 تا 2004 له‌ مه‌كته‌بی وه‌زیری به‌رگری له‌ پنتاگۆن كاری كردوه‌ وه‌كو كارمه‌ندی یاریده‌ده‌ر و شاره‌زا له‌سه‌ر عێراق و ئێران و له‌ ساڵی 2003 تا 2004 وه‌كو راوێژكاری سیاسی له‌ ده‌سته‌ڵاته‌ كاتیه‌كه‌ی هاوپه‌یمان به‌ سه‌رۆكایه‌تی پۆل بریمه‌ر كاری كردوه‌.


,01:16 ,